شاعیر: موفتی پێنجوێنی
کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی
سەرناو: گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن

گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن
نیعمەتێکە وەک بەهەشت و هاودەمی پیاوانە ژن

بۆ دڵێکی بێ خەم و شەخسێکی بێ دەرد و ئەلەم
گەوهەرێکی شەوچراغی ژوور و بەرهەیوانە ژن

گەر کەموکووڕیت لە ماڵیشا هەبێ باکت نەبێ
بۆ کەموکووڕی ترازووی کۆمەڵی خێزانە ژن

ژن لەلای پیاوی نەزان و سەرسەری نرخی نییە
بۆ ژیانی کۆمەڵی باشتر لە میر و خانە ژن

بۆ سوپاسی باسی چاکی چی بەیان کەم هەر کەمە
جووت و ئاش و نان و بەرگ و باخچە و بێستانە ژن

باعیسی ئارامی قەلب و مەرهەمی دەرد و برین
بۆ هەموو دەردێ دەوابەخشێکە وەک لوقمانە ژن

دەوڵەتێکی پڕ لە شەوق و زەوقە دایم بۆ بەشەر
نیعمەتێکی خۆشەویستی و بێ سەر و سامانە ژن

کەی گوڵ و گوڵزاری باخاتی ئێرەم وەک ئەو ئەبێ
باخی ساحێب زینەت و پڕ لوئلوئی مەرجانە ژن

بۆ کەسێ نووری سولەیمانی لە قەلبا بێ یەقین
پایە مەحکەم کردنی هەم دین و هەم ئیمانە ژن

زۆرتری عەیشی بەهەشتی حوری العینن کچن
لەززەت و خۆشی بەیاناتی لەناو قورئانە ژن

بێت و گەر موڵکی کەماڵ و گەنجی حوسنی یەک کەوێ
گەر دووسەد گەنجی لەسەر دانێی ئەڵێم هەرزانە ژن